وتەی نۆھەم
(فسبحانَ
الله حين
تُمسون وحين
تُصبحون * وله
الحمدُ في
السمواتِ
والاَرضِ
وعشيّاً وحين
تُظهِرون) (الروم:17=18).
ئەی برای
بەڕێزم!
پرسیبووت
کە: "حیکمەت" لە
دەستنیشانکردنی
ئەو پێنج کاتە
دیاریکراوانەی
نوێژدا چییە؟
ئێمەش
ئاماژە بۆ تەنھا
حیکمەتێک دەکەین
لە نێوان ئەو
حیکمەتە زۆرانەی
کە لە دیاریکردنی
ئەو پێنج کاتانەدا
ھەن:
بەڵێ، ھەروەک
کاتی ھەموو نوێژێک
سەرەتای ئاڵوگۆڕێکی
گەورە و گرنگە
لە "زەمان"دا،
لە ھەمان کاتیشدا
ئاوێنەیەکە نیعمەتە
ھەمەکییە خوایییەکانی
تێدا دەدرەوشێنەوە.
لەبەر ئەوە،
خوای گەورە فەرمانی
بە نوێژکردن
داوە لەو کاتانەدا.
واتە فەرمانی
بە بەندەکانی
داوە کە تەسبیحات
و ڕێزلێگرتنی
خوای گەورەی
باڵادەست زیاتر
بکەن. ھەروەھا
شوکر و ستایشی
نیعمەتە زۆرە
لەژمارە نەھاتووەکانی
= کە لە نێوان ئەو
دوو کاتەدا بەخشیونی
= زیاتر دەرببڕن.
جا بۆ ڕوونکردنەوەی
ئەم واتا و
ناوەرۆکە قووڵ
و وردە، پێم
باشە کە ھاودەم
لەگەڵ نەفسی
مندا گوێ بۆ
پێنج سەرنج ڕابگریت:
سەرنجی یەکەم:
نوێژ = لە
ناوەرۆکیدا =
بریتییە لە تەسبیحات
و بەگەورەڕاگرتن
و ستایشنواندن
بەرامبەر بە
خوای گەورە.
واتە:
پیرۆزڕاگرتنی
خوای گەورە، بە
کردار و گوفتار،
بەرامبەر گەورەیی
و شکۆمەندی(جلال)ی
ئەو، بە وتنی:
"سبحان الله".
ھەروەھا ڕێز
لـێگرتنی، بە
ڕەفتار و کردار،
بەرامبەر کەماڵ(کمال)ی
ئەو، بەوتنی:
"الله اکبر".
ھەروەھا
ستایشکردنی
بە کردەوە و دڵ
و زمان و لەش بەرامبەر
جوانی(جـمال)ی
ئەو، بە وتنی:
"الحمد لله".
واتە ئەم
سیانە: "سبحان
الله، الله أکبر،
الحمد لله" بریتین
لە بنج و
بناوان و تۆوی
نوێژ، بۆیە لە
ھەموو ژیکر و ھەڵس
و کەوتێکی نوێژدا
ھەن. ھەر لەبەر
ھەمان ھۆیە و
بۆ چەسپاندنی
ناوەرۆکی نوێژ
و بۆ مەبەستی
جێگربوونیەتی
لە دڵدا کە لە
دوای نوێژەکان
ھەریەکی سی و
سێ جار دووپات
دەبنەوە. چونکە
بەم وشە کورت
و پڕ واتایانە
واتا و کاکڵ
و ناوەرۆکی نوێژ
دەچەسپێت و لە
دڵدا جێگیر دەبێت.
سەرنجی
دووھەم:
پەرستش =
لە ناوەرۆکدا
= بریتییە لەوەی
کە بەندە(عبد)
بە خۆشەویستییەکی
پاکی بێگەرد
و بەوپەڕی ڕێز
و سەرسووڕمانەوە
سوژدە بەرێتە
بەر دەرگانەی
خوایەتیی خوا
و، سەر بخاتە
سەر زەوی لە بەردەم
کەماڵی پەروەردگارێتی
و دەستەڵاتی
نەبڕاوە و میھرەبانیی
خوایەتیی ئەودا
و، لە ھەمان کاتدا
"بێدەستەڵاتی"
و "ھەژاری" و
"لاوازی"ی خۆیشی
ببینێت.
واتە ھەروەک
پەروەردگارێتیی
خوای گەورە
خوازیاری بەندایەتی
و گوێڕایەڵییە،
پیرۆزی و بێنیازیی
ئەو پەروەردگارێتییەش
داخوازی ئەوەن
کە "بەندە" = لەگەڵ
داواکردنی لێبوردن
و بینینی کەموکووڕییەکانی
= دەریببڕێت
کە: خواوەند پاک
و بێنیازە لە
ھەموو کەموکووڕییەک
و، ڕایبگەیەنێت
کە ئەستۆی سەرجەمی
بیروڕا پووچەڵەکانی
گومڕایان
ناتوانێت بگاتە
گەورەیی ئەو
خوایە و، خواوەند
بەرز و بڵندە
بەسەر ھەموویاندا.
ھەروەھا دەریببڕێت
کە خوای گەورە
ھێندە خاوێن و
بڵندە کە دەستی
ھیچ کەموکووڕی
و ناتەواوییەکی
بوونەوەران
ناگاتە داوێنی
بەرز و بڵندییەکەی..
بەڵێ، ھەموو
ئەمانە بە وتنی:
"سبحان الله"
دەرببڕێت..
ھەروەھا کەماڵی
توانستی پەروەردگارێتی
داوا لە "بەندە"
دەکات کە پەنا
بباتە بەری و پشتی
پێ ببەستێت.
چونکە بەندە
"لاوازی"ی خۆی
و "بێدەستەڵاتی"ی
بوونەوەران دەبینێت.
ئیتر لە بەرامبەر
مەزنیی ئاسەوارەکانی
توانستی صەمەدانییەوە
و بە دەربڕینی
ئەوپەڕی ڕێز و
سەرسووڕمانەوە:
"الله أکبر" دەکات
و بە کەماڵی
خشووع و ئەدەب
و ملکەچییەوە
دەڕواتە ناو "ڕکووع"ەوە..
ھەروەھا
میھرەبانیی
فراوان و نەبڕاوەی
پەروەردگارێتیی
خوای گەورە
داوا لە "بەندە"
دەکات کە بە زمانی
نزا و پاڕانەوە،
پێداویستییەکانی
خۆی و گشت
بوونەوەران
و، "ھەژاری" و
"بێدەسەڵاتی"ی
ھەموویان، لە
دەرگای ئەو گەنجینە
نەبڕاوەی میھرەبانیی
پەروەردگاردا
بخاتە ڕوو. ھەروەھا
بە وتنی:
"الحمد لله"
شوکرانە و سوپاسگوزاریی
ئەو نیعمەتە زۆر
و فەزڵ و میھرەبانییە
زەبەندەیەش دەرببڕێت
کە ئەو پەروەردگارە
میھرەبانە ڕشتوونی
بە سەریاندا..
واتە کردار
و گوفتارەکانی
نوێژ، ئەم
واتایانەیان
تێدایە و، ھەر
لەبەر دەرخستنی
ئەم ناوەرۆکانەیە
کە خوای گەورە
نوێژی لەسەرمان
فەرز کردووە.
سەرنجی سێھەم:
ھەروەک
مرۆڤ نموونەیەکی
پوخت و بچووکی
ئەم بوونەوەرانەیە
و، سورەتی
"فاتحە"ش
نموونەیەکی
نوورانیی
قورئانی پیرۆزە،
بە ھەمان جۆر
"نوێژ"یش پێڕستێکی
نوورانییە کە
ھەموو پەرستشەکان
لەخۆ دەگرێت
و نەخشەیەکە
ڕێ و شوێنی پەرستشەکانی
سەرجەمی بەدیھاتووانی
لەسەر دانراوە
و ئاماژەی تێدا
بۆ کراوە.
سەرنجی چوارەم:
ھەروەک بە
جووڵانی ھەریەکە
لە چرکەژمێر
و خولەکژمێر
و کاتژمێر و ڕۆژژمێری
ھەر سەعاتێک ئەوی
تر دەجووڵـێت
و حوکمی ئەوی
تر وەردەگرێت،
جیھانی دنیاش
= کە بریتییە
لە سەعاتێکی گەورەی
خوایی = بە ھەمان
جۆرە، چونکە
خولی شەو و ڕۆژ
کە وەک چرکەژمێرە
و، ھی ساڵەکان
کە وەک خولەکژمێر
وان و، ئاڵوگۆڕی
چینەکانی تەمەنی
مرۆڤ کە کات
دەژمێرن و، چەرخ
وسەردەمەکانی
تەمەنی جیھان کە
ڕۆژژمێری جیھانن،
ھەریەکەیان ڕووی
لەوانی ترە و
لەوان دەچێت و
حوکمی ئەوانی
تر وەردەگرێت
و یەکتر یاد دەخەنەوە.
بۆ نموونە:
کاتی (بەیانی
تا گزنگ): سەرەتای
بەھارمان یاد
دەخاتەوە و لەو
کاتە دەچێ..
ھەروەھا ئەو کاتە
دەخاتەوە یاد کە
مرۆڤ کەوتووەتە
ناو ڕەحـمی دایکیەوە..
ھەروەک یەکەم ڕۆژی
شەش ڕۆژەکەی
دروستبوونی
ئاسمانەکان و
زەویمان دەخاتەوە
یاد و لەو ڕۆژە
دەچێ..
بەم جۆرە،
"کات"ی ئەم نوێژە
مرۆڤ بۆ ئەو کارە
گەورە خوایییانە
ئاگادار دەکاتەوە
کە لەم کاتانەدا
بەڕێ دەکرێن.
کاتی (نیوەڕۆ)یش:
ئاماژە بۆ ناوەڕاستی
ھاوین و، ھەرەتی
لاوی و، دەمی
دروستبوونی
مرۆڤ لە دنیادا
دەکات و، دەرکەوتن
و درەوشانەوەی
میھرەبانیی
خوا و بەرەکەت
و لێشاوی نیعمەتەکانیمان
لەو کاتانەدا یاد
دەخاتەوە.
کاتی (عەسر)یش:
وەکو وەرزی پایز
و، ماوەی پیری
و، چەرخی بەختەوەری
وایە کە سەردەمی
دواھەمین پێغەمبەرە
صلی الله علیھ
وسلم. ئەمەش کاروبار
و نیعمەتە سەرتاپا
میھرەبانییەکانی
خوامان یاد دەخاتەوە.
کاتی (خۆرئاوا
و شێوان)یش: ئاوابوونی
زۆربەی بوونەوەران
لە کۆتایی پایزدا
و، مردنی مرۆڤ
و، کاولبوونی
دنیامان لە دەمی
بەرپابوونی قیامەتدا
دەخاتەوە یاد..
لەگەڵ ئەمەشدا
دەرسی گەورەیی
خوامان پێدەڵێت
و، مرۆڤ لە
خەوی غەفڵەت ڕادەپەڕێنێت.
کاتی (عیشا)یش:
ئەوەمان پیشان
دەدات کە "جیھانی
تاریکی" پەردەی
ڕەشی بەسەر ڕوخساری
"جیھانی ڕووناکی"ی
ڕۆژدا دادایەوە.
ھەروەھا کفنە
سپییەکەی
زستانمان دەخاتەوە
یاد کە سەر ڕووی
زەوی دادەپۆشێت.
تەناتەت ئەوەشمان
یاد دەخاتەوە کە
شوێنەواری
مردووەکانیش
دەمرێت و دەڕواتە
ژێر پەردەی لەیادچوونەوە.
ھەروەھا ئەو کاتەمان
یاددەخاتەوە کە
دەرگاکانی ئیمتیحانخانەی
دنیا بە تەواوی
دادەخرێن..
ئەم کاتە کاتێکە
کردارە گەورەکانی
خوای "قھار"ی
"شکۆمەند" دەردەخات
و ڕایاندەگەیەنێت.
کاتی (شەو)یش:
زستان و قەبر
و جیھانی بەرزەخـمان
یاددەخاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی
کە "ڕۆح"ی مرۆڤیش
ئاگادار دەکاتەوە
بۆ ئەوەی کە چەندە
پێویستیی بە
خوای گەورەی بەسۆز
و میھرەبانە!
(شەونوێژ)یش:
فێرمان دەکات کە
چەندە بۆ ڕۆشنایی
تاریکە شەوی قەبر
و ڕووناککردنەوەی
تاریکایی جیھانی
بەرزەخ پێویستیمان
پێیەتی. ھەروەھا
ئاگادارمان دەکاتەوە
و یادی ئەو نیعمەتە
بێکۆتایییانەی
نیعمەتبەخشی
ڕاستەقینەمان
پێدەکاتەوە
کە لەم ئاڵوگۆڕانەدا
ھەن و، ئەوە دەردەخات
کە چەندە ئەو
نیعمەتبەخشە
ڕاستەقینەیە
شایستەی شوکر
و سەنا و ستایشە.
(بەیانیی
دووھەم)یش: بەرەبەیانی
"حەشر"مان یاد
دەخاتەوە! بەڵـێ،
ھەروەک ھاتنی
بەیانی بە دوای
ئەم شەوەدا
و، بەھار بە
دوای ئەم
زستانەدا شتێکی
پێویست و "حەتمی"یە
بەلای ژیرییەوە،
بە ھەمان پلە
و پایە، ھاتنی
بەرەبەیانی
"حەشر" و بەھاری
"بەرزەخ"یش قەتعی
و دوور لە گومانە.
کەواتە، ھەریەکە
لەم پێنج کاتانە
سەرەتای ئاڵوگۆڕێکی
گرنگە و ئاڵوگۆڕی
گەورەتریشمان
یاد دەخاتەوە.
چونکە موعجیزاتی
توانستی خوای گەورە
و دیارییەکانی
میھرەبانیی ئەومان
دەخاتەوە یاد کە
لە ساڵ و چەرخ
و سەردەمەکاندا
ڕوو دەدەن، ئەوەتا
کاروبارە ڕۆژانەکەی
خوای گەورەی بەتوانا
ئاماژەیان بۆ
دەکەن. واتە
نوێژی فەرز = کە
فەرمانبەریی
فیترەت و بناغەی
بەندایەتی و قەرزی
ئەستۆیە = زۆر
شایان و بەجێیە
کە لەم کاتانەدا
بێت.
سەرنجی پێنجەم:
مرۆڤ = لە
سـروشـتیدا =
تابڵێی لاوازە،
لەگەڵ ئەوەشدا
ئەو شـتانەی کە
ژیانی لـێ تاڵ
و لێڵ دەکەن
و خەفەت و
ئازاری بۆ
دروست دەکەن، گەلـێ
زۆرن..
لە ھەمان کاتدا
تابڵێی دەستەپاچە
و بێدەستەڵاتە،
کەچی لەگەڵ ئەوەشدا
گەلـێ دوژمن
و بەڵا و گیروگرفتی
زۆری لەسەر ڕێگادایە..
ھەروەھا گەلـێ
ھەژارە، کەچی پێویستییەکانی
ژیانی یەکجار گەورە
و زۆرن..
ھەروەھا
تەمبەڵ و بێتوانایە،
کەچی دەبینیت کاروباری
ژیان گەلـێ
قورسن لەسەر
شانی..
مرۆڤایەتییەکەی
وای لـێکردووە
کە پەیوەندیی
لەگەڵ سەرجەمی
بوونەوەردا ھەبێ
بە گشتی، کەچی
جودایی خۆشەویستان
و لەناوچوونی
ئەو شتانەی مایەی
تەسکینیی دڵن،
ئازاری دەدەن..
ھەروەھا
عەقڵ و ھۆشی
مرۆڤ ئامانجی
بەرز و بەروبوومی
نەبڕاوەی پیشان
دەدەن، کەچی دەستی
بەو ئامانج و
بەروبوومانە
ناگات و تەمەنی
کورتە و بێدەستەڵاتە
و توانای
ئارامگرتنیشی
یەکجار کەمە.
لەبەر ھەموو
ئەمانە و لە
حاڵەتێکی وەھادا،
سەیر بکە و
بزانە کە "گیان"ی
مرۆڤ چەندە پێویستی
بەوە ھەیە لە:
"بەرەبەیان"دا
بە دوعا و نوێژ
و پاڕانەوە لە
دەرگانەی خوای
بەدەستەڵاتی
شکۆمەند و میھرەبان
و خاوەنی جوانی
بدات و، بە
داوای یارمەتیدان
عەرزوحاڵی خۆی
پێشکەش بکات؟!
گیانی مرۆڤ چەندە
پێویستی بە پاڵپشتێکە
پاڵی پێوە
بدات و ھەموو کاروبارێکی
قورسی ڕۆژ = کە
لە ڕێگایدایە
= بەھۆیەوە ھەڵبگرێت
و بەرەنگاری
ببێت؟ ئایا ئەمە
شتێکی ئاشکرا
نییە؟
لـەکاتی
"نیوەڕۆ"شدا:
کـە لوتـکەی کەمـاڵی
ڕۆژ و، دەمی کامڵبوونی
کاروباری ڕۆژانە
و، وەختی حەسانەوەی
دوای زەحمەتی
ئیشوکار و، کاتی
ھەناسە و پشوودانی
"گیان" و حەوانەوەیەتی
لە دەست ئەو ھەموو
ڕەنج و زەحـمەت
و دەردیسەرییانەی
کە دنیای فانی
و کاروبارە
قورسەکانی دەرخواردی
مرۆڤی دەدەن،
وەک: بێئاگایی(الغفلە)
و، سەرسامی و،
پەشۆکان و ناڕێکیی
دەروون.. جگە
لەوەی کە ئەم کاتە
کاتی نواندنی
نیعمەتە خوایییەکانە..
جا ڕزگاربوونی
"گیان"ی مرۆڤ
لەو ھەموو
ئازارانە و خۆقورتارکردنی
لەو بێئاگاییو
سەرسامییە
و، دەربازبوونی
لەو شت و کاروبارە
کەمنرخانەی کە
ڕەنج و ئەرکی
بۆ فەراھەم دەھێنن
و خەمی دەرخوارد
دەدەن، تەنھا
بەوە دەبێ کە
مرۆڤ بە سکاڵا
و پاڕانەوە ھانا
و پەنا بەرێتە
بەر دەرگانەی ڕۆزیدەری
ڕاستەقینە و،
بە شوکر و شتایش
دەبێ لە بەرامبەر
ئەو نیعمەتە زۆرانەی
کە لای کۆبوونەتەوە
و ھەستیان پێدەکات
و، بەوە دەبێ
کە تەنھا پشت
بەو ببەستێ.
ئەمەش لەگەڵ
دەربڕینی بێدەستەڵاتیی
خۆی بەرامبەر گەورەیی
خوای گەورە بە
"ڕکووعبردن"..
ھەروەھا بە دەربڕینی
ملکەچکردنی
خۆی لە بەرامبەریەوە
بەوپەڕی ئەدەب
و ڕێز و خۆشەویستییەوە،
ئەمەش بە "سوژدەبردن"بۆ
کەماڵی ھەمیشەییو
جوانیی بێوێنە
و ناوازەی ئەو.
ئەمەیە
نوێژی نیوەڕۆ!
کەواتە چەندە
جوان و بەتام
و شیاو و پێویستە؟
دەبا ئیتر
ھیچ کەسێ خۆی
بە مرۆڤ نەداتە
قەڵەم گەر لەمە
تێنەگات!
لە دەمی
"عەسر"یشدا: کە
کاتێکە وەرزە
خەفەتبارەکەی
پایز و، دەمی
خەمبەخشی پیریو،
ڕۆژانی پڕ لە
ئازاری ئاخر زەمان
و، کاتی دەرکەوتنی
بەرھەمی کردەوەی
ڕۆژانەمان، دەخاتەوە
یاد.. ئەم کاتە،
دەمی کۆبوونەوەی
تێکڕای نیعمەتە
مەزنە خوایییەکانە.
وەک: چەشـتنی
تەندروسـتی و
لەشسـاغی و ئەنجامدانی
خزمەتگوزاریی
ڕێک و پەسەند..
ھەروەھا کاتی
دەربڕینی ئەوەیە
کە مرۆڤ میوانێکی
ڕاسپێرراوە
و، لە لایەکی
تریشەوە ھەموو
شتێک لە
جموجووڵدایە
و بەرەو نەمان
دەڕوات، ئەوەتا
خواربوونەوەی
ئەو خۆرە گەورەیەی
ئاسمان بەرەو
ئاوابوون،
ئاماژە بۆ ئەم
مەبەستە دەکات.
بەڵێ "گیان"ی
مرۆڤ کە داواکاری
نەمری و ھەمیشەیییە
و لە ڕاستیشدا
بۆ مانەوە و ھەمیشەیی
دروستکراوە
و، جوانی و چاکەی
لەلا خۆشەویستە
و، جوداییش
ئازاری دەدات..
ئەم مرۆڤە، لە
دەمی عەسردا دەسنوێژ
دەگرێت و نوێژی
عەسر بەجێ دەھێنێت،
تاکو لە بەردەم
دەرگانەی
خواوەندی "قدیم"
و "باقی"دا بپاڕێتەوە،
ئەو خوایەی کە
مانەوە و ڕاگیربوونی
ھەموو شتێک بە
دەستی ئەوە. بۆ
ئەوەی مرۆڤ پەنا
بباتە بەر گەورەیی
و ھەمیشەیی میھرەبانییە
فراوانەکەی
و، شوکر و ستایشی
نیعمەتە لە ژمارە
نەھاتووەکانی
پێشکەش بکات.
دەبینیت بەوپەڕی
ملکەچییەوە "ڕکووع"
دەباتە بەردەم
عیززەتی پەروەردگارێتیی
خوا و، بەوپەڕی
لەخۆبوردن و خۆنەویستییەوە
"سوژدە" دەباتە
بەردەم ھەمیشەیی
خوایەتیی ئەو..
ئنجا ئاسوودەیی
دەروون و پشوودانی
ڕاستەقینەی "گیان"یشی
لەوەدا دەدۆزێتەوە
کە بە بەندایەتییەکی
ڕێکوپێک و بە
ئامادەیییەکی
تەواو لە بەرامبەر
خوایەتیی خوای
گەورەدا ڕابووەستێت.
ئیتر وەرە
سەیر بکە و
بزانە کە: بەجێھێنانی
نوێژی عەسر = بەم
واتا و ناوەرۆکە
= چەندە خزمەتگوزارییەکی
شایستە و فەرمانبەرییەکی
بەرزە؟ بەڵکو چ
وەختێکی شایستە
و گونجاوە بۆ گێڕانەوەی
قەرزی "فیترەت"
کە لە ئەستۆماندایە
و، چەندە دەسکەوتێکی
بەتامی لەزەتبەخشە
بۆ دەستخستنی
بەختەوەری!
ھەرکەسێک
بە ڕاستی مرۆڤ
بێت، لەمە تێدەگات!
لە کاتی
"مەغریب"یشدا:
کە چەند شتێکی
گرنگمان یاد دەخاتەوە،
وەک: ئاوابوونی
ئەو دروستکراوە
ناسکۆڵە و
جوانانەی جیھانی
ھاوین و پایز،
لە گەنجینەی ئەمانەتەکان
لە سەرەتای وەرزی
زستاندا..
ھەروەھا
وەک: یادخستنەوەی
ڕۆشتنی مرۆڤ بۆ
ناو گۆڕ لە کاتی
مردندا و،
جودایی و لێکبڕانی
بەسۆ و ئازاری
لەگەڵ گشت خۆشەویستانیدا..
ھەروەھا
وەک: یادخستنەوەی
مردنی دنیا بە
گشتی و گواستنەوەی
دانیشتووانی
بۆ چەند جیھانێکی
تر..
ھەروەھا
وەک: یادخستنەوەی
کوژانەوەی چرای
تاقیگەی ئەم
دنیایە..
"کاتی مەغریب"
وەختی ئاگادارکردنەوە
و ڕاپەڕاندنی گشت
ئەو کەسانەیە کە
تا ڕادەی پەرستن،
شەیدای ئەو
شتانەن کە لە پشت
ئاسۆی "نەمان"ەوە
ئاوا دەبن!
جا لەبەر
ئەمانە، ئەو
مرۆڤەی کە خاوەنی
"گیان"ێکی پاکی
بێگەردی وەک
ئاوێنەیە، زۆر
بە تاسەوەیە بۆ
موتاڵاکردنی
درەوشانەوەی
جوانیی خواوەندی
ھەمیشەیی و
باقی. ئەم مرۆڤە
لەبەر بەجێھێنانی
نوێژی شێوان لەم
کاتەدا، ڕوو دەکاتە
عەرشی گەورەیی
ئەو خوایەی کە
ھەر بووە و ھەر
دەشبێ، ئەو
خوایەی کە ھەرچی
ئیشوکاری گەورە
و ئاڵوگۆڕی ئەم
جیھانە مەزنە ھەن،
ھەر ئەو ھەموویان
بەڕێوە دەبات
و لە ژێر دەستی
ئەودان.
بۆیە بە دەنگێکی
زوڵاڵ ھەموو
دەوروبەری خۆی
دەلەرێنێتەوە
و لە ڕووی گشت
بوونەوەرە
فانییەکاندا
"الله أکبر" دەڵێت
و دەست لە ھەموویان
دادەتەکێنێت.
ئنجا لە بەردەم
کەماڵی بەرز و
جوانیی بێ وێنەی
خوای گەورەدا
دەستەونەزەر ڕادەوەستێت،
تاکو بە وتنی: (الحمدُ
لله)
ستایشی میھرەبانیی
نەبڕاوەی ئەو
بکات و، پاشان
بە وتنی: (إِيّاكَ
نَعْبُدُ
واِيّاكَ
نَسْتَعين)یش بەندایەتی
و پشت بەخوا
بەستنی خۆی
بخاتە بەردەم پەروەردگارێتیو
خوایەتیی ئەو
خوایەی کە پێویستی
بە یاریدەدەر
و ھاوەڵ و وەزیر
نییە و نیشیەتی.
ئیتر ئەو مرۆڤە،
ھاودەم لەگەڵ
سەرجەمی بوونەوەراندا،
دەچێتە "ڕکووع"ەوە
و، بە وتنی: "سبحان
ربـي العظيم
وبحمده" بێدەستەڵاتی
و لاوازی و ھەژاریی
خۆی لە بەرامبەر
گەورەیی ھەمیشەیی
و دەستەڵاتی
نەبڕاوە و عیززەتی
بێ کەموکووڕیی
خواوە، دەردەبڕێت.
پاشان کڕنووش
دەباتە بەردەم
جوانیی زاتی ئەو
خوایەی کە زەوالی
نییە و، ئەو
سیفەتە پیرۆزانەی
کە گۆڕان ڕوویان
تێناکات
و، ئەو کەماڵە
ھەمیشەیییەش
کە ھەرگیز ناگۆڕێت.
بەمەش واز لە پەرستنی
غەیری خوا دەھێنێت
و خۆشەویستی و
بەندایەتیی خۆی
= بەوپەڕی ڕێز
و خۆنەویستی و
سەرکزییەوە =
بە وتنی: "سبحان
ربـي الأعلى" دەردەبڕێت، چونکە
لە بریی ھەموو
شتێکی فانی و
بڕاوە،
جوانێکی ھەمیشەیی
و خاوەن میھرەبانییەکی
بەردەوامی دۆزیوەتەوە.
بەمە ڕێزلـێنانی
خوای خۆی دەردەخات،
ئەو خوایەی کە
بەرزە بەسەر ھەموو
نەمانێکدا و پاکە
لە ھەموو کەموکووڕییەک.
پاشان بۆ
"تشھد" و خوێندنی
"تەحیات" دادەنیشێت
و، لەو ڕێگایەوە
سڵاوی پیرۆز
و سڵاواتی پاک
و بێگەردی ھەموو
بوونەوەران پێشکەش
دەکات بە بارەگای
ئەو خوا خاوەن
جوانییەی کە
بووە و، ئەو
خاوەن گەورەیییەی
کە ھەر ھەیە..
ھەروەھا پەیمان
لەگەڵ پێغەمبەری
خۆشەویستدا =
صلی الله علیھ
وسلم = تازە دەکاتەوە
بە سڵاولـێکردن
و دەربڕینی گوێڕایەڵیی
فەرمانەکانی..
لەم کاتەدا
ڕێکوپێکیی
بەحیکمەت نەخشاوی
ئەم کۆشکەی گەردوون
دەبینێت و دەیکات
بە شایەت لەسەر
"یەکتایی" بەدیھێنەری
شکۆمەند و، بەمەش
ئیمانی خۆی نوێ
دەکاتەوە.. پاشان
شایەتمان بە
شانی ڕاگەیەنەر
و پێناسەری پەروەردگارێتیی
خوای گەورە و ڕوونکەرەوەی
ئایەتەکانی کتێبی
گەردوون دەھێنێت
کە حەزرەتی
محمد پێغەمبەرە،
صلی الله علیھ
وسلم.
ئنجا بڕوانە
بۆ بەجێھێنانی
نوێژی مەغریب
بەم ناوەرۆکە
بەرزە و، بزانە
کە چەندە فەرمانبەرییەکی
بڵند و پاک و بێگەرد
و شیرینە و، چەندەش
بەندایەتییەکی
بەتام و جوانەو،
چ ڕاستییەکی ڕەسەن
و بەرز و باڵایە!
دەبینین
ئەنجامدانی
نوێژی مەغریب
= بەم شێوە و
واتایە = ھاودەمییەکی
بەوەفایانەیە
و دانیشتنێکی پیرۆز
و نەبڕاوەیە لە
میوانییەکی
بڕاوەی وەک ئەم
دنیایەدا.
ئایا ئەو کەسەی
لەمە تێنەگات،
خۆی بە مرۆڤ دەزانێت؟
لە دەمی
"عیشا"دا، ئەو
کاتەی کە ھیچ
شوێنەوارێکی ڕۆژی
تێدا نامێنێت
و ھەموویان لە
ئاسۆدا ئاوا دەبن
و "شەو" ڕەشماڵی
خۆی بەسەر جیھاندا
دادەکوتێ.. ئەم
کاتە، چەند شتێکمان
یاد دەخاتەوە،
وەک: کاروبارە
پەروەردگارییەکانی
ئەو خوایەی کە
"مُقلِّبُ
اللیلِ والنھار"ە،
کە خوای بەتوانای
شکۆمەندە، ئەو
خوایەی کە لاپەڕە
سپییەکەی "ڕۆژ"
دەگۆڕێت بە لاپەڕە
ڕەشداگیرساوەکەی
"شەو"..
ھەروەھا
وەک: یادخستنەوەی
کاربەڕێکردنە
خوایییەکانی
ئەو کەسەی کە
"مُسخِّرُ
الشّمسِ
والقمر"ە کە
خوای دانای
خاوەن کەماڵە،
ئەو خوایەی کە
لاپەڕە ڕەنگینەکەی
ھاوین دەگۆڕێت
بە لاپەڕە
سارد و سپییەکەی
زستان..
ھەروەھا
وەک: یادخستنەوەی
کاروبارە پەروەردگارییەکانی
ئەو خوایەی کە
"خالِقُ
الموتِ والحیاە"ە،
ئەویش بە بنەبڕبوونی
ھەموو شوێنەوارێکی
خەڵکی گۆڕستان
= بە درێژایی زەمانە
= لەم دنیایەدا
و گواستنەوەیان
بە گشتی بۆ جیھانێکی
تر.
بەڵێ، کاتی
عیشا کاتێکە کاروباری
شکۆمەندیی
خوا و، درەوشانەوەی
"جەمالییەت"ی
بەدیھێنەری
ئاسمانەکان و
زەوی و، دەرکەوتنی
جیھانی
فراوان و مەزن
و نەبڕاوەی
دواڕۆژمان دەخاتەوە
یاد. ئەمەش بە یادخستنەوەی
مردنی دنیای تەنگ
و تەسکی کەم
نرخی فانی و کاولبوونی
بە تێکڕایی.
کاتی عیشا،
کات و ھەڵوێستێکە
دەیسەلمێنێت کە:
خاوەن و بەڕێوەبەری
ڕاستەقینە
و شایستەی پەرستنی
ڕاستەقینە
وخۆشەویستی ڕاستەقینە
تەنھا ئەو کەسەیە
کە ئاڵ و گۆڕی
"شەو" و "ڕۆژ"
و، "زستان" و "ھاوین"
و، "دنیا" و "قیامەت"ی
وەک ئاسانیی ھەڵگێڕانەوەی
لاپەڕەی کتێب
بەلاوە ئاسانە..
ئەو کەسەیە کە
نووسین وکوژانەوە
و گۆڕینی لاپەڕەکانی
کتێبی بوونەوەری
بەدەست بێت.
دیارە ئەمەش لە
دەست ھیچ کەسێک
نایەت مەگەر
خاوەنی ڕەھاترین
دەستەڵات کە
فەرمانەکانی ھەمیشە
جێبەجێ کراوە.
"گیان"ی
مرۆڤیش کە لەوپەڕی
ھەژاری و کۆڵەواریدایە
و خەمناک وسەرلیشێواوی
دواڕۆژە و،
نازانێ چی لە
ژێر پەردەی
شارراوەی ئەو
شەو و ڕۆژانەدایە
کە لەسەر ڕێی ژیانیدان..
ئەم مرۆڤە، کە
نوێژی عیشا دەکات
= بەم ناوەرۆک
و شێوەیەی
باسمان کرد = بە
بێ ھیچ دوودڵییەک
چەشنی ئیبراھیم
پێغەمبەر =
دروودی خوای لەسەر
بێت = دەڵێت: (لا أحبُّ
الآفِلين)
(الأنعام:76) بۆیە دەبینیت
بە نوێژکردن پەنا
دەباتە بەر دەرگانەی
پەرستراوی ئەزەلی
و خۆشەویستی ئەبەدی
و، لەم دنیا
و جیھانە فانییەدا
ڕاز و سکاڵای
خۆی لە خزمەت
خواوەندی باقیی
ھەمیشەییدا
دەدرکێنێت لە
دەست ئەم دنیا
تاریکە و ئەو
دواڕۆژەی کە ھیچی
لـە بارەوە
نازانێت، تاکو
لە ڕێی ئەم نزیکییە
سەرپێیی و ڕاز
درکاندنو پاڕانەوە
کاتییەوە، ڕووناکی
بەم دنیایەی
ببەخشێت و،
بە بینینی ڕووتێکردن
و ئاوڕلێدانـەوەی
میھـرەبانیی
خـواوەندی "ڕەحـمان"
و "ڕەحیم" دواڕۆژیشـی
ڕوونـاک بکاتەوە
و تیماری ئەو
زامانەشی پێ
بکات کە جودایی
و لێکبڕانی کەس
و کار و برادەر
و خۆشەویستان
لە دەرووندا
دروستیان دەکات..
ئیتر ئەو
دنیایەی کە ئەمی
لە یاد کردووە
ئەمیش لە یادی
دەکات و، فرمێسکەکانی
دڵ و خەفەتەکانی
دەروونی خۆی لە
بەردەم ئەو میھرەبانییە
نەبڕاوەیەدا ھەڵدەڕێژێت.
جا بۆ ئەوەی
دواھەمین فەرمانبەریی
بەندایەتی
(واتە نوێژی عیشا)
بەجێبھێنێت،
پێش ئەوەی بڕواتە
ناو شتێکەوە کە
ئەنجامی نادیارە
و نازانێت پاش
ئەو نوستنەی کە
لە مردن دەچێت،
چیی بەسەر دێت..
ھەروەھا
بۆ ئەوەی دەفتەری
کردەوەی ڕۆژانەی
بە "حُسْنُ
الخاتمە" کۆتایی
پێ بھێنێت..
لەبەر ھەموو
ئەمانە، لەم کاتەدا
نوێژی عیشا بەجێ
دەھێنێت و شەرەفمەند
دەبێت بە ڕاوەستانی
لە بەردەم خۆشەویست
و پەرستراوی ڕاستەقینە
و ئەبەدیدا،
لە بریی پەرستنی
ھەر خۆشەویستێکی
تر..
ھەروەھا
لە بەردەم
خواوەندی کەریمی
خاوەن دەسەڵاتدا
ڕادەوەستێت،
لە بریی ڕاوەستانی
لە دەرگانەی ئەو
بێدەستەڵاتانەی
کە خۆیشیان دەستیان
کورتە و ھەمیشە
دەست پان دەکەنەوە..
ھەروەھا
بۆ ئەوەی بە ڕاوەستانی
لە دەرگانەی
خواوەندی پارێزەری
میھرەباندا،
پلەی ئیمانەکەی
بەرز ببێتەوە
و لە شەڕی ئەو
شتە سامناکانە
دەرباز ببێت کە
لێیان دەترسێت.
بە تایبەتی کە
سەرەتای نوێژەکەی
بە "فاتحە"
دادەمەزرێنێت!
واتە لە سەرەتاوە
مەدح و ستایشی
پەروەردگاری
جیھانیان و کەریمی
کارسازی میھرەبان
دەکات. ئەو
خوایەی کە خاوەنی
کەماڵێکی بێسنوور
و دەوڵەمەندییەکی
نەبڕاوەیە.
ئیتر چ کارێکی
بەسەر مەدح و
ستایشی ئەو بەدیھاتووانەوە
ھەیە کە ھیچ
سوودێکیان نییە
و شایانی ستایش
نین، تەنانەت
لاواز و ھەژاریشن؟
ھەروەھا
لە بریی ھەڵگرتنی
"منەت"، بۆ پلەی
"میوانی
نازداری ئەم
بوونەوەرە" و
"فەرمانبەری
ناسراو" بەرز
دەبێتەوە، ھەرچەندیش
بچووک و نادیار
بێت، تەنانەت
وەک "نەبوو"
وابێت لەچاو گەورەیی
بوونەوەردا. ئەمەیش
بە بەرزبوونەوە
و گەیشتنە پلەی
وتووێژی: (إيّاكَ
نَعْبُدُ) واتە بە نیسبەتپەیداکردنی
لەگەڵ خاوەنی
ڕۆژی قیامەت (مالِكِ
يَوْمِ
الدِّين) و پادشای ئەزەل
و ئەبەددا.
کەواتە بە وتنی:
(إيّاكَ
نَعْبُدُ
وإيّاكَ
نستعين) پەرستش و
داواکاریی یارمەتیدانی
کۆمەڵگای گەورەی
ھەموو بوونەوەران
پێشکەش دەکات
و، پاشان بە
ناوی ھەموانەوە
و بە وتنی: (إهْدِنا
الصِّراطَ
الْمُسْـتَقيم) داوای ھیدایەتی
ڕێی ڕاست دەکات،
کە شاڕێگایەکی
نوورانییە و
مرۆڤ دەگەیەنێتە
ئەو بەختەوەرییە
ھەمیشەیییەی
کە دوای تێپەڕکردنی
تاریکایییەکانی
دواڕۆژ پێی دەگات.
پاشان بیر
لە گەورەیی
خوا دەکاتەوە
و سەرنج لەو خۆر(شمس)ە
شارراوانە دەدات
کە وەک ڕووەک
و ئاژەڵە
نوستووەکان
و، ئەم ئەستێرە
بێدار و دیارانەن
و ھەریەکەیان
سەربازێکی گوێڕایەڵی
فەرمانی خوای
گەورەن و، چرایەکی
ڕووناکیبەخشی
ئەم میوانخانەیە
و، خزمەتگوزارێکی
ئەون.. ئیتر کە
سەرنج دەدات و
ئەمە دەبینێت،
یەکسەر بە "ألله
أکبر" کردنەوە
دەڕواتە ناو "ڕکووع"ەوە.
پاشان لە
سوژدەی مەزنی ھەموو
بوونەوەران ڕادەمێنێت،
چونکە دەبینێت
ھەموو جۆرەکانی
بوونەوەران =
لە ھەموو ساڵ
و سەردەمێکدا
= وەکو بوونەوەرە
خەولـێکەوتووەکانی
ئەم شەوەن، تەنانەت
زەوی خۆیشی و
بگرە سەرتاسەری
جیھانیش وەک
سوپایەکی ڕێکوپیک
و سەربازێکی گوێڕایەڵ
وایە، ھەر کە
فەرمانبەرێتیی
دنیای بە فەرمانی:
(كُنْ
فَيَكون) تەواو دەبێت
و بەرەو جیھانی
شـارراوەی "غەیب"
دەنێررێتەوە،
یەکسەر بەوپەڕی
ڕێکوپێکی و
بە "ألله أکبر"
کردنەوە سوژدە
دەباتە سەر بەرماڵی
ئاوابوون!
پاشان ئەم
بوونەوەرانە ھەر
خۆیان یان لە
وێنەی خۆیاندا
تەنھا بە ئاگادارکردنەوەیەک،
کە فەرمانی:
(كُنْ
فَيَكون)ە، سەرجەم زیندوو
دەکرێنەوە و،
ئەوانیش بەوپەڕی
ھێمنییەوە سەر
دەردەھێنن و فەرمانی
خواوەندی ڕاستەقینەیان
جێبەجێ دەکەن.
ھەروەھا
ئەم مرۆڤە
لاوازەش = وەک
ئەو بوونەوەرانە
= بە وتنی "ألله
أکبر" سـوژدە
دەباتە بەردەم
بارەگای خوای
"ڕەحـمان"ی
خاوەن کەماڵ
و "ڕەحیم"ی
خاوەن جەماڵ
و، بە خۆشەویستییەکی
پڕ ڕێز و خۆنەویستییەکی
"بەقا"بەخش و
ملکەچکردنێکی
سەربەرزیدەر
دەڵێت: "ألله أکبر"!
گومانی تێدا
نییە کە تێگەیشتیت
لەوەی نوێژی عیشا
بەرزبوونەوە
و سەرکەوتنێکی
وەک: "میعراج"ە!
جا بڕوانە
کە چەندە فەرمانبەرییەکی
جوان و، ئەرکێکی
شیرین و، خزمەتگوزارییەکی
بەرز و، بەندایەتییەکی
بەتام و سەربەرزکەر
و، ڕاستییەکی
ڕەسەنی شیاوە.
واتە ھەریەکە
لەم پێنج کاتانەی
نوێژ، پەنجە بۆ
ئاڵ و گۆڕێکی
گرنگ درێژ دەکات
کە لە "زەمان"دا
ڕوو دەدات و،
نیشانەی بەڕێکردنی
کارە مەزنە
خوایییەکان
و نیعمەتبەخشینە
ھەمەکییەکانیەتی.
بەم پێیە
بۆمان دەرکەوت
کە: دیاریکردنی
ئەم کاتانەی
نوێژ = کە قەرزی
فیترەتە بە ئەستۆمانەوە
= لەوپەڕی حیکمەتدایە.
(سُبْحانَكَ
لا عِلْمَ
لَنا إلاّ ما
عَلَّمْتَنا
إنَّكَ أنْتَ
العَليمُ
الحَكيمُ).
اللهم صل
وسلم على من
أرسلْتَه
معلماً لعبادك،
ليعلمَهم
كيفيةَ
معرفتِك
والعبوديةِ
لك.. ومعرفاً
لكنوزِ
أسمائِك..
وترجماناً
لآيات كتابِ
كائناتِك..
ومرآةً -
بعبوديتِه -
لجمالِ ربوبيتِك..
وعلى آله وصحبه
أجمعين
وارحمنا
وارحم
المؤمنين
والمؤمنات.
آمين برحمتك
يا أرحم
الراحمين.